ئەمشەو یەکشەممە لە ناحیەی گردەسێنی سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک ڕووداوێکی تەقەکردن ڕوویدا و تائێستاش دەنگی تەقەیەکی زۆر دەبیسترێت.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەمشەو ٦ی نیسانی ٢٠٢٥ لە ناحیەی گردەسێن، بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا دروستبوو و تائێستاش دەنگی تەقەیەکی زۆر دەبیسترێت.
هەر بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان لە قەزای ئاکرێ-وە بەرەو ناحیەی گردەسێن بەڕێکەوتوون، بەڵام شەڕە تەقەکە بەردەوامە.
بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، لە شەڕەتەقەکەدا چەکی قورس بەکارهاتووە.
بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، لە ئەنجامی شەڕەکە چوار بۆ پێنج کەس برینداربوون، لە نێویاندا کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان هەیە کە گولەیەک بەر ملی کەوتووە و لە ئێستادا بۆ نەخۆشخانەی ئاکرێ گواستراوەتەوە، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
هەروەها دوو بۆ سێ ئۆتۆمبێلیش لە نێو شەڕەکەدا سوتاون و هێزە ئەمنییەکان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی شەڕەکە دەدەن کە تائێستاش بەردەوامی هەیە.