حزبێکی سیاسی بۆ دەزگا ئەمنییەکانی دهۆک:
ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هێرشبەرەکەی سەر ئاهەنگی جەژنی ئەکیتۆ چی بەسەرهات؟

حزبێکی سیاسی سەبارەت بە ڕووداوەکەی هەفتەی ڕابردووی سنوری پارێزگای دهۆک لە دەزگا ئەمنییەکان دەپرسێت و دەڵێت" ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هێرشبەرەکەی سەر ئاهەنگی جەژنی ئەکیتۆ چی بەسەرهات؟". 

یەعقوب گۆرگیس 
سكرتێری گشتی بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری، ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" هەفتەیەك بەسەر كردەوە تیرۆرستیەكەی ئاهەنگی یەكی نیسانی ساڵی نوێی بابلی ئاشوری تێپەڕی كە لە شاری دهۆك رێكخرابوو، بێ ئەوەی هیچ روونكردنەوەیەك لەبارەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمنی پەیوەندیدار بڵاوبكرێتەوە، روونیبكەنەوە كە كردەوەیە هەڵسوكەوتێكی شەخسی بووە یاخود پلان بۆ داڕێژراو و لایەنێكی دیاریكراو لەپشت ئەو تاوانە قێزەونە بووە". 

ڕاشیگەیاندووە" داوا دەكەین ئەنجامی لێكۆڵینەوە بڵاوبكرێتەوە و شەفافانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكەدا بكرێت، تاوەكو هاوڵاتییان ئاگاداربن لەوەی روویداو دڵنیایی و دڵنەواییان پێبدرێت". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

هەفتەیەك بەسەر رووداوەكەی دهۆك تێپەڕی بێئەوەی ئاسایش روونكردنەوە بدات
بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی هەرێم لەسەنگی گەلەكەمانی كەمكردەوەو 
سایت و پێگە و كوردییەكان گوتاری رقیان دژی  ئێمە بڵاوكردەوە
حزبی حوكمڕان ئیرادەو نوێنەرایەتی گەلەكەمانی زەوتكردووە

یعقوب  گۆرگیس
بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوریی

بەیاننامە

هەفتەیەك بەسەر كردەوە تیرۆرستیەكەی ئاهەنگی یەكی نیسانی ساڵی نوێی بابلی ئاشوریی 6775 تێپەڕی كە لەشاری دهۆك رێكخرابوو، بێئەوەی هیچ روونكردنەوەیەك لەبارەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمنی پەیوەندیدار بڵاوبكرێتەوە، روونیبكەنەوە كە كردەوەیە هەڵسوكەوتێكی شەخسی بووە یاخود پلان بۆ داڕێژراو و لایەنێكی دیاریكراو لەپشت ئەو تاوانە قێزەونە بووە.

بۆیە داوا دەكەین ئەنجامی لێكۆڵینەوە بڵاوبكرێتەوەو شەفافانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكەدا بكرێت تاوەكو هاوڵاتیان ئاگاداربن لەوەی روویداو دڵنیایی و دڵنەواییان پێبدرێت.

لەلایەكی دیكە پەیامێك ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی عیراق دەكەین، پێویستە نوێنەرایەتی هەموو هاوڵاتیانی بكات بەجیاوازی ئینتیمای نەتەوەیی و ئاینیی، چونكە ئەو بەیاننامەی دەری كرد لەسەنگی گەلی ئێمە كلدانی سریانی ئاشوری كەمكردەوە، لەبەیاننامەكەیدا ئاماژە بە "كۆمەڵێك لەئاهەنگگێڕان" و ناوهێنانی ئاینی كرابوو، بێئەوەی ئاماژە بەناوهێنانی نەتەوەیی گەلەكەمان بكرێت كە بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی و لەسەر خاكی مێژویی خۆی لەهەموو شارەكانی عیراق و وڵاتانی دەرودراوسێ‌ و تاراوگە بەدەیان هەزار كەس هاتبوون نەك "كۆمەڵێك ئاهەنگگێڕ" بن وەك بەیانی سەرۆكایەتی هەرێم ناویهێنابوون.

من رەخنەی توند دەگرم لەو عەقڵیەتە لەشێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ گەلەكەمان، كە لەناوهێنانی ئاینی كورتبكرێتەوە، بەتایبەتیش لەبەرزترین دەسەڵاتی هەرێم. 

بەیاننامەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ هەڵسوكەوتی پارێزگاری دهۆك تێكیدەكردەوە، كە بەشداری لەئاهەنگەكەدا نەكرد سەرباری چەندجارێك بانگهێشتكردنی، ئەمە لەكاتێكدا دەیان هەزار هاوڵاتیی لەناوەندی ئەو پارێزگایەی ئەو بەڕێوەی دەبات و ئەو تێیدا كەسی یەكەمە.

لەكاتێكدا خەڵكێكی زۆر لەهەموو ناوچەكانی وڵات و دونیا هاتبوون، بەڵكو ئەركی نەكێشا بروسكەیەكی پیرۆزباییشیان بۆ بنێرێت، لەكاتێكدا ناوەندی پارێزگایەكەیان جوان و رازاوەكردبوو لەرێپێوانێكی مەدەنیانە.

لەهەمانكاتدا، میدیاكانی ئێمە ژمارەیەكی زۆر سایت و پێگەی كوردیان تۆمارو نیشانكردووە كە گوتاری رق و كینەو سەرنج و كۆمێنتی ناشرینیان دژی گەلەكەمان بڵاوكردۆتەوە، بێئەوەی بەرپرسێكی حكومەت ببینین رەخنە لەو دۆخە نەخوازراوە بگرێت یاخود رێكار دژی ئەوانە بگرێتەبەر، لەگەڵ رێزی زۆرمان بۆ هاوسۆزیی و بەرزنرخاندنی ژمارەیەكی هاوڵاتیانی كورد بۆ ئاهەنگگێڕان لەو رێپێوانە ئەمەش لەڕێی دابەشكردنی شیرینی و ئاو بەسەر ئاهەنگگێڕان. 

ترسێكی جددی هەیە پەرەسەندنی گوتاری دەمارگیریی بارگاویی بەرق و كینە دژی بەرامبەرو ئەوەی هاوڕا نییە لەگەڵیان لەهەرێمی كوردستانی عیراق،  ئەمە جاری یەكەم نییە، ئەوە بەكارێكی ئاسایی دەبینین و رەنگدانەوەی سیاسەتی دەسەڵات و حزبی دەسەڵاتدارە كە گەلی ئێمەی كلدانیی سریانی ئاشوریی بیببەشكردووە لەنوێنەرایەتی راستەقینە لەدەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و یاسادانان و دادەوریی، ئیرادەی زەوتكراوەو بچوككراوەتەوەو بةتالكردنەوەی لەچەند نمونەیەكی لاواز كە درێژكراوەی سروشتی خۆیەتی لەكۆمەڵگای ئێمە، هەروەها خاڵیبوونی مەنهەجی فێربوون لەهەموو قۆناغەكان لەبابەتی ناساندنی نەتەوەكانی دیكە لەهەرێم، هەروەها ناساندنی مافەكانی و قوربانیدان و بەشداریكردنیان لە بنیاتنان و گەشەپێدان و پێشخستنی ئەم هەرێمە، بەڵام.. بەپێچەوانەی ئەمەوە دەبینین ئەوەی خراپە بۆ بەیەكەوە ژیان و برایەتی و بگرە بەرزنرخاندنی كەسایەتیەكانی تاوانیان بەرامبەر گەلی ئێمەكردووە تێدایە و زیانی بەوپەیوەندییە مێژووییە گەیاندووە كە گەلەكەمان كلدانیی سریانیی ئاشوریی و كورد بەیەكەوە دەبەستێتەوە.

ئەم بەیاننامەیە یەك لایەنی دیاریكراو بەئامانج ناگرێت، بەڵكو دەستدانانە لەسەر هەڵەو روونكردنەوەی   واقعێكی تاڵە كە جێگەی قبوڵ نییە، هەروەك بانگەوازێكی راستگۆیانەیە بۆ راستكردنەوەو دووبارە چاوخشاندنەوە بەسیاسەتی چەوت بەرامبەر پێكهاتە نەتەوەییەكانی هەرێم بەتایبەتیش گەلەكەمان كلدانیی سریانی ئاشوریی.

ئێمە تەنها گروپێك نین و بەتەنها مەسیحی نین، ئێمە كلدان سریان ئاشوریین، مافی خۆمان لەسەر ئەم زەویە هەیە هەروەك هی ئەوانی دیكەشە. 

یەعقوب گۆرگیس
سكرتێری گشتیی بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوریی
 6 نیسانی 2025



PM:03:32:07/04/2025