وەزارەتی دارایی بەنیازە تا رۆژی پێنجشەممە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش بکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە مووچەی مانگی ئادار(٣)یان وەرنەگرتووە، مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵاش، مووچەی مانگەکانی، یەک، دوو، سێیان وەرنەگرتووە، بۆیە ئەوپەڕی هەوڵدەدەین تا پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە مووچەکانیان دابەش بکەین."
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی وتیشی"مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت"، دەشڵێت" پێویستیمان بە ٢٤ ملیار دینارە بۆ دابەشکردنی ئەو مووچانە و هەموو هەوڵێکمان داوە و دەیخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە لەو چەند ڕۆژەدا دابین بکەین و لەو هەفتەدا تا پێنجشەممەبەسەر مامۆستایانی گرێبەست دابەشی بکەین".
ئەوەش لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو مامۆستایانی گرێبەستی پەروردە هۆشداریان دا لەوەی ئەگەر مووچەکانیان دابەش نەکرێت بایکۆت دەستپێدەکەنەوە.