ڕۆژنامەیەکی عەرەبی ئاشکرای کرد، حکومەتی ئەمریکا دان بە حکومەتی کاتی سوریا نانێت، نوینەرانی سوریاشی لە نەتەوەیەکگرتوەکان ئاگادارکردوەتەوە کە مامەڵەی حکومەتیان لەگەڵ ناکات.
ڕۆژنامەی ئەنهار لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە حکومەتی ئەمریکا دیپلۆماتکارانی سوریای لە نەتەوە یەکگرتوەکان ئاگادارکردوەتەوە کە چیدیکە وەک نوێنەری حکومەتێکی دانپێدراو لەلایەن واشنتۆنەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ناکات.
ڕۆژنامەکە دەشڵێت، ئەمریکا ڤیزەی دیپلۆماتکارە سوریەکانی لە بنکەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە نیۆیۆرک لە ڤیزەی جۆری جی یەکەوە گۆڕیوە بە ڤیزەی جی سێ کە دەدرێتە ئەو هاوڵاتییە بیانیانەی کە مافی وەرگرتنی ڤیزەیان لە نەتەوە یەکگرتوەکان هەیە، بەڵام حکومەتەکانیان لەلایەن ئەمریکاوە دانپێدانراو نییە.
هاوکات رۆژنامەکە ئاشکرای دەکات، لەناو حکومەتی ئەمریکاشدا دەنگۆی سنوردارکردنی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا هەیە لە ژێر رۆشنایی نیگەرانییەکانی واشنتۆن لەبارەی پێکهاتنی حکومەتێکی ئایینی لە سوریا لەژێر شەرعەیەتیکی سیاسیدا.