"کێشە تەکنیکییەکان ڕێگرن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت"

ئەمڕۆ سێشەممە جێگری سەرۆکی پارتی هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بۆ کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد گەڕاندەوە. 

نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە پەراوێزی سەردانەکەیدا بۆ ئیمارات، سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم، بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" گفتوگۆیەکی جددی لە نێوان یەکێتی و پارتی هەیە، هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی گفتوگۆکانی نێوانیان پشووی نەورۆز و جەژنە، بەڵام لە ڕێگەی ڕاستداین بۆ ئەوەی بتوانین حکومەتی نوێ پێکبهێنین". 

لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە بوونی هەندێک کێشەی تەکنیکی کرد کە ڕێگری لەم کارە دەکەن و جەختی لەوە کردەوە کە" حکومەتی هەرێم بە تەواوی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە". 

هەروەها بارزانی باسی لە گرژییەکانی ناوچەکە کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە" بەغداد و بەتایبەت سەرۆک وەزیرانی عێراق هەموو توانای خۆیان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی عێراق نەکێشێتە ناو ئەو گرژی و ململانێیانەوە، کێشەکانی عێراق کەم بایەخ نین، هەروەها نابێت وڵات لە هیچ بارودۆخێکدا بکێشرێتە ناو ئەو کێشانەوە". 



AM:11:47:08/04/2025