نووسەرێک بۆ یوسف زێدان: چرایەکت هەڵکرد بەڵام تاریکی کەوتە نێوانمانەوە

نووسەرێکی کورد لە وتارێکدا بۆ یوسف زێدان ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو بۆ پاشگەزبوونەوە لە بانگهێشتکرنی ئەو نووسەرە بۆ هەولێر بە هەنگاوێکی مەترسیدار دەزانێت لە هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی  سنووردارکردنی ئازادی رادەربڕین لە هەرێم.

سیروان عەبدول نووسەری بەناوبانگی باشووری کوردستان و نیشتەجێی ئەورووپا لە وتارێکدا بە ناوی نامەیەکی کراوە بۆ د.یوسف زێدان دەنووسێت" ئەم دێڕانەت بۆ دەنووسم و وەک کوردێک وای دەبینم ئەوەی ڕوویدا تەنها هەڵوەشاندنەوەی سەردانێک نەبوو، بەڵکو خەنجەرلێدانێکی ناوەکیی بەئازار بوو – وە سەرکەوتنێکی ئاسان بوو بۆ پرۆژەیەک کە لەسەر خنکاندنی دەنگ دەژی."


لە بەشێکی دیکەی وتارەکەشیدا دەڵێت" ئیسلامییە کوردەکان هەمانکات کە چاوساغیی بۆ ئەو دزەکردنە بۆ ناو ناسنامەی کوردیی دەکەن، ئاڵای ئاینیان بەرز کردۆتەوە بۆ سەختکردنی پرسیاردروستکردن لەسەر ئەوەی کە دەگوزەرێت. ئیسلامی سیاسیی وەک هۆشیارییەکی ساختە لەناو سەری کوردانێکی زۆردا چێنراوە. ئەگەر ئاینی ئیسلام هەمیشە ئەفیونی کوردان بووە، ئێستا ئیسلامیزم جورعەیەکی ڕۆژانەیە لە ئەفیون لەلایەن هێزگەلێکەوە کە ئەرکیان ئەوەیە دەنگێک نەیات کورد لە خەو بکات. "

ئەو نووسەرە کوردە لە وتارەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات" ئیسلامیزم لەناو کورددا خەریکی نەهێشتنی ئەو زەمینەیەیە بۆ کورد. ئەوان هەر تەنها ئەو گوشارە و ئەو سانسۆرە نین کە مومارەسەی دەکەن، بەڵکو خەریکی هەردەم بەرهەمێنانەوەی زیاتری هۆشیاریی ساختە و ئینتەناڵیزکردنی ناسنامەیەکی پڕ لە ئیغتیرابن. ئیغتیرابێک کە ئیتر کەلەپچەکانی دەستمان وەک بەشێک لە پێستمان ببینین، عەقیدە و زاکیرەمان وا تێکەڵ بن لەیەکیان جیا نەکەینەوە، باوەشپیاکردنمان لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنماندا وەک باوەشپیاکردنی برایانە ببینین، وە شەڕکردن لەپێناو هێشتنەوەی ئەو غوربەتەدا، وەک ڕابەرایەتییکردنمان بەرەو سەرکەوتنی زیاتر ببینین. شۆڕەوارانیکمان بۆ دێنن کە بۆ ئێمە شەڕیان نەکرد و ناوی دەنێن «مێژووەکەمان». ئاینێک وەک ناسنامەمان بەردەست دەکەن کە لە بنەڕەتدا پرۆژەی ئەوە بووە خۆمانی کۆنمان بیر بچێتەوە و ناوی نرا ئیسلام، وە ئێستاش کار دەکات قەت بیرمان بە لای گەڕان بە دوای زاتی خۆماندا نەچێت و، ناو دەنرێت ئیسلامیزم."

بۆ خوێندنەوەی دەقی بابەتە کلیک لەسەر ئەم لینکە بکەن




PM:03:42:08/04/2025