بڕیاری هەڵدانەوەی ژمارەیەک گۆڕی بە کۆمەڵ دەدرێت

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیووە". 

سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەکێتی، لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە" لەسەر پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقمان کرد و داوای دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانمان کرد". 

ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاندووە" سودانی ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە لە نزیکترین کاتدا، بۆ ئەم مەبەستەش نووسراوێکی ئاڕاستەی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق کرد بە مەبەستی هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی، کە ماونەتەوە، بەتایبەتی ئەو گۆڕانەی ڕووفاتی ئەنفالکراوانی تێدایە". 

ئەنفال کە بە جینۆسایدی کورد ناسراوە، پرۆسەیەکی کۆمەڵکوژی کوردانی باشووری کوردستان بوو لەلایەن ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی پێنجەمین سەرکۆماری عێراق، سەدام حوسێن لە کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق بە هەشت قۆناغ کرا کە هێزەکانی فەیلەقی یەک، فەیلەقی پێنجی سوپای عێراق، کەتیبەکانی بەناو بەرگری نیشتمانی تێدا بەشداربوون و سەرجەمی هێزەکانیان نزیکەی ٢٠٠,٠٠٠ چەکدار دەبوون.

لە تەواوی قۆناغەکاندا ١٨٢,٠٠٠ هاووڵاتیی سڤیل بێسەروشوێن کران و زیاتر لە ٤٥٠٠ گوندیش خاپوور و وێران کرا.



AM:11:06:09/04/2025