ئەمڕۆ چوارشەممە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لێدوانی لەسەر ڕاگەیاندنی وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دا و دەڵێت" ئامادەین بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە".
عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی عێراق، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادەیە بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا".
جەختیشیکردەوە، هیچ بەربەست و ڕەخنەیەکیان نییە سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردن کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە ڕاگەیەندراوە، هەرچەندە تا ئێستا کۆمسیۆن هیچ شتێکی فەرمی لەو بارەیەوە بەدەست نەگەیشتووە.
عیماد جەمیل ڕاشیگەیاند" ئەگەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان هەمواربکرێتەوە، ڕەنگە ئەمە کاریگەری لەسەر کارەکانی کۆمسیۆن هەبێت یان نەبێت، هەر ڕووداوێک چیرۆکی تایبەتی خۆی هەیە، و نابێت پێشبینی پێشهاتەکان بکەین، دەبێت بزانین ئەنجوومەنی نوێنەران بە نیازە چ هەموارکردنێک جێبەجێبکات".
بەیانی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگیدا به دیاریکردنی ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژرادنی پەرلەمانی عێراق.