بارزانی داوا لە یەکێتی و پارتی دەکات پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەت

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ئەمڕۆ چوارشەممە داوای لە هەردوو لایەنی سەرەکی پارتی و یەکێتی کرد، پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم.

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا (١٧)هەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر ڕایگەیاند" بارودۆخی هەرێمی کوردستان بەدەر نییە لە دۆخی ناوچەکە بەگشتی". 

سەبارەت بە پرۆسەی بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بارزانی وتی" زۆر لایەن پێیان وابوو هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت، یان گرفتی گەورە دروست دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە پرۆسەکە بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەو ڕێکخراوانەی کە هاتبوون بەڕێوەچوو". 

وتیشی" دەبێت پارتی و یەکێتی پەلە بکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان". 

سەرۆکی پارتی ڕاشیگەیاند" ئەوانەی کورسییان بەدەستهێناوە، هەر کەسە و بەپێی قەوارەی خۆی، هەموو پێکەوە حکومەتێک دروستبکەین". 

لە وتارەکەیدا بارزانی دەشڵێت" پابەندبوونی خۆمان بۆ پاراستنی ئەو کولتوورە دووپاتدەکەینەوە کە شانازی پێوە دەکەین کە کولتووری پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و قبوڵکردنی ئەوانی دیکە و ئازادی ڕادەربڕین و ئایین و مەزهەبییە". 



PM:12:22:09/04/2025