ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٥ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تەرمی ژنێک لە نێو ماڵەکەیدا دۆزرایەوە کە "شوێنەواری فیشەک بە سەریەوە بووە".
ئاکام قوتبەدین وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" کاتژمێر (٩:٠٠)ی بەیانی ئەمڕۆ تەرمی ژنێک لە گەڕەکی سەرای شاری هەڵەبجە لە نێو ماڵەکەیدا دۆزرایەوە".
وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە سەبارەت بە ناسنامەی ژنەکە، باسی لەوەکردووە، قوربانییەکە ساڵی (١٩٨٧) لە دایکبووە و هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی سێ منداڵە.
وتیشی" بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تیمەکانی بەڵگە و تاوان شوێنەواری فیشەک بەسەری ژنەکەوە دیار بووە".
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە و تەرمەکەش ڕەوانەی پزیشکی داد کراوە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ڕووداوەکە خۆکوژی بووە و یان کوژراوە.