کۆنفرانسی سبەینێی گۆڕانی کوردسات هەڵوەشایەوە

لە راگەیەنراوێکدا بزووتنەوەی گۆڕان ( باڵی کوردسات) رایگەیاند کە جارێکی دیکە کۆنفرانسەکەیان کە بڕیاربوو سبەی رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەبچێت، هەڵوەشایەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە"  ئەمڕۆش جارێکی دیکە ئەنجومەنی کۆمسیاران بە بڕیارێک گۆڕانکاری لە وادەی (١٠ی ٤) کردوە و کاتێکی دیکە دادەنرێت، بۆ ئەم هەنگاوەش پابەندی خۆمان بە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکان دەردەبڕین و چاوەڕێی کاتی نوێ دەکەین".
دەقی راگەیەنراوەکە:

 لەماوەی شەش مانگی ڕابردودا، لەژێر ڕۆشنایی فەرمان و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ هەنگاو بە هەنگاو ئامادەکاریمان بۆ گرێدانی کۆنفرانسی دامەزراندن کردوە. 

لەسەر ئەو بنەمایە، دوای چەندین جار دواخستنی کاتی کۆنفرانس، ڕۆژی هەینی (٤ی ٤ی ٢٠٢٥) فەرمانی ژمارە (ش/ج/خ/٨٩٥ لە ٢٧ی٣ی٢٠٢٥)مان لە ڕێگەی ئۆفیسی سلێمانیەوە پێگەیشت، کە کۆمسیۆن خۆی فەرمانی دەرکرد تا (١٠ی ٤) کۆنفرانس ببەستین.

ئێمەش لەژێر ڕۆشنایی فەرمانی کۆمسیۆن ئامادەی کاتی دیاریکراو (١٠ی ٤ی ٢٠٢٥) بوین، ئەمڕۆش جارێکی دیکە ئەنجومەنی کۆمسیاران بە بڕیارێک گۆڕانکاری لە وادەی (١٠ی ٤) کردوە و کاتێکی دیکە دادەنرێت، بۆ ئەم هەنگاوەش پابەندی خۆمان بە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکان دەردەبڕین و چاوەڕێی کاتی نوێ دەکەین.

بزوتنەوەی گۆڕان ٩ی ٤ی ٢٠٢٥




PM:05:11:09/04/2025