پسپۆرێکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات ئەمشەو حاڵەتێکی ناجێگیری کەشوهەوا هەرێم بگرێتەوەو تاوە باران سەرەتا ناوچەکانی هەولێر و کەرکوک دەگرێتەوەو، دواتر کەرکوک و سلێمانی هەڵەبجە.
ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی لە نووسینێکدا دەڵێت " لەکاتەکانی ئێستاوە حاڵەتێکی نوێی ناجێگیری کەش کە خۆی لە چالاکبوونی ھەورە بروسکە و تاوە باراندا ئەبینێتەوە دەستپێدەکاتەوە سەرەتاش لەناوچەکانی پارێزگای ھەولێر و کەرکوکەوە ھەورەکان چالاکەبن".
هەروەها دەشڵێت" پاشان لەکاتەکانی شەودا بەگوێرەی کات ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و سۆران و پارێزگای ھەڵەبجە دەگرێتەوە و بەبڕی جیاواز بارانبارین ئەبێت لەگەڵ ڕوودانی ھەورە بروسکە و ھەندێ شوێنیش تەرزە و بارانی بەخوڕ ئەبارێت وە لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا بارستە ھەوایەکی ساردیش ھەیە کە ئێستا وردە وردە داخڵی ناوچەکانی رۆژئاوای عێراق و ھەرێم بووە بەھۆیەوە خێرای با زیادی کردوە لەگەڵ دروستبوونی خۆڵبارینێکی کەم بۆ مامناوەندیش".
ئاراز جەبار لە کۆتاییدا دەڵێت " بەگشتی کاریگەری ئەم ناجێگیریە لەکەش و ھەوای ناوچەکانمان تا سبەی ئێوارەی پێنجشەمە بەردەوامی ئەبێت ناوبەناو لە شوێن و کاتی جیاوازدا تاوە باران دروستەبێت لەشەودا کۆتای پێدێت ، وە سبەی بەڕاورد بە ئەمڕۆ بەھۆی ئەو ھەوا ساردەی روودەکاتە ناوچەکانمان پلەکانی گەرما لەسەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان٥ تا ٦ پلە نزمدەبێتەوە و کەش فێنک ئەکاتەوە و بۆ رۆژانی داھاتووش پلەکانی گەرما زیاتر نزمدەبنەوە کەش لەرۆژدا فێنکتر ئەبێت ولەشەواندا ھەست بەسەرما دەکرێت".