لە پێنجوێن چالاکوانێک دەستگیر دەکرێت


بەهۆی هەوڵدان بۆ سازکردنی چالاکییەکی جەماوەری بۆ پشتگیری خەڵکی غەزە لە شاری پێنجوێن، هێزە ئەمنییەکان چالاکوانێک بە ناوی ( رێبین عومەر)ەوە دەستگیر دەکەن.

تۆڕی هاوپەیمانی 19 کە هاوپەیمانییەکانی کۆمەڵگای مەدەنییە لە راگەیاندراوێکدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە " دەستگیركردنی چالاكوانی قەزای پێنجوێن، رێبین عومەرو هەڵكوتانە سەر چالاكوانی قەزاكە كە نیازیان بوو گردبوونەوەیەك رێكبخەن، پێچەوانەی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانەوە و داوا دەكات دەستبەجێ ئازاد بكرێت و راوەدوونانی چالاكوانان رابگرن." 

بەهۆی بانگەشەكردنیان بۆ گردبوەنەوەیەكی هاوسۆزی بۆ غەزە، پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ، لە گەرەكی مامۆستایانی قەزای پێنجوێن هێزێكی ئەمنی رێبین عومەر، مامۆستاو ئەندامی دەستەی خۆپیشاندان بۆ مافەكانی خەڵكی پێنجوێنی دەستگیركرد و چونەتە سەر ماڵی دوو چالاكوانی تریش بە مەبەستی دەستگیركردنیان، بەڵام لەماڵەوە نەبوون. 

هاوپەیمانی ١٩ لە راگەیەندراوەکەیانەوە لە زاری ئەنەس ئەمین خوارەحم، یەك لە رێكخەرانی گربونەوەكەیە دەڵێن" ماوەی هەفتەیەكە دوایان لە ئیداری شارەكە كردوە گردبونەوەیەكی هاوسۆزی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی شاری غەزە رێكبخەن، دوێنێ لە ئیدارەی قەزاكە رەزامەندیمان وەرگرت، كە ئەمڕۆ ٩ی نیسان ٢٠٢٥، ئەنجامیبدەین، بەڵام پێیان راگەیاندین كە رەزامەندی ئاسایش و پارێزگای سلێمانیشی دەوێ".
بە بێ ئەوەی گردبونەوەكە رێبكبخرێت، هێزە ئەمنییەكان چوونەتە گەرەكی مامۆستایان ( رێبین عومەر)یان دەستگیركرد، پاشان بۆ هەمان مەبەست چونەتە سەر ماڵی (هۆشیار نامق) و (میران كەمال)، بەڵام لە ماڵەوە نەبوون. 

" بە پێی یاسای خۆپیشاندان، ژمارە(١١)ی ساڵی ٢٠١٠، سەرۆكی یەكەی كارگێڕی مافی مۆڵەتدانی خۆپیشاندانی هەیە، هەریەك لەنێو یەكەی كارگێڕی خۆیدا. رێكخەران ئەمەیان كردوە نەك بەر لە ٤٨ کاتژمێر، بەڵكو بەر لە هەفتەیەك و پاشان یەكەی كارگێڕی كە قائیمقامییەتی پێنجوێنە، رەزامەندی پیشان داوە، ئیتر ئەم دەستگیركردنە بۆ؟"( هاوپەیمانی ١٩ دەپرسن).

تۆڕی هاوپەیمانی 19 رایدەگەیەنێت خۆپیشاندان مافێكی دەستوورییەو بەپێی یاسای هەرێمی كوردستانیش رێكخراوە، هەر رێكارێك پێچەوانەی ئەم یاسایە بگیرێتە بەر جیگای سەركۆنەكردنە.

تۆڕی 19 كۆمەڵێك رێكخراو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دایانمەزراندوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی ١٩ی جاڕنامەكە.




PM:09:07:09/04/2025