ئەمڕۆ ئەردۆغان و شاندی ئیمرالی کۆدەبنەوە


ئەمڕۆ پێنج شەممە چارەنووسی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دیاریدەکرێت و، شاندی ئیمرالی لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبنەوە.

 ئەردۆغان، سەرۆکی دەوڵەتی تورکیا، دوێنێ لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانی و دیمووکراسی گەلان (دەم پارتی) زانیاری خستەڕوو.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەردۆغان وتی، "سبەینێ پێشوازیی لە شاندی دەم پارتی دەکەین و لەگەڵیان کۆدەبینەوە، وەک هاوپەیمانی گەل بە گرنگی و ئارامییەوە درێژە بە پرۆسەکە دەدەین.”

ئاماژەی بەوەشدا، "بە تورک، کورد، عەرەب، عەلەوی و سووننی، بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانەوە و پێشخستنی وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان.”

  لە پێش جەژنی رەمەزانەوە ئەردۆغان بڕیاری کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئیمرالی خستە دوای جەژنی رەمەزان، ئەوە لە کاتێکدایە کە ناوەندی کوردی پێیانوایە لە پرۆسەی ئاشتی عەبدوڵا ئوچئالان  هەنگاوەکانی خۆی هاویشتووەو، ئەرکی حکومەتی تورکیایە بە فەرمی هەنگاو بنێت.




AM:12:34:10/04/2025