پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا بۆ مووچەی خانەنشینان نووسراوێك دەداتە وەزیری دارایی عێراق و داوای لێدەكات، ڕێکاری خێرا و پێویست بگیرێتەبەر تا ئەوانەی چەندان ساڵە خزمەتی هاوڵاتیان و دەزگاکانی هەرێم و وڵات دەکەن مافی خۆیان وەک پێویست پێبدرێت.
دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە نووسراوێكدا بۆ تەیف سامی، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ باسی دۆخی خانەنشینکراوانی لەدایکبووی ساڵەکانی (١٩٦٢, ١٩٦٣, ١٩٦٤ و بەشێک لەساڵی ١٩٦٥ ) دەكات، كە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە خانەنشینکراون دوای ڕێککەوتنی هەردوو حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەرێم و کارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاسایی خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی ژمارە ( ٩ ) ساڵی (٢٠١٤ ).
لە نووسراوەكەدا هاتووە، ئەو خانەنشینكراوانە مووچەی مانگی ( ١٢ ) ساڵی ڕابردووشیان وەرنەگرتووە، ئەم ساڵیش تائێستا شایستەی خانەنشین بوونیان و مووچەی خانەنشینیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا بارودۆخی گوزەرانیان خراپە.
ئەو پەرلەمانتارە، داوا لە وەزیری دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە "ڕێکاری خێرا و پێویست بگیرێتەبەر تا ئەوانەی چەندان ساڵە خزمەتی هاووڵاتیان و دەزگاکانی هەرێم و وڵات دەکەن مافی خۆیان وەک پێویست پێ بدرێت".