"بەهۆی دابەزینی نرخی مریشک خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان لە زەرەردان"

سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان سەبارەت بە دابەزینی نرخی مریشک ڕایدەگەیەنێت" نرخی مریشك لە كێڵگە پەلەوەرییەكاندا بە ٢ هەزار دینار دەخرێتە بازاڕەوە و دەفرۆشرێت، بەمەش خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان لە زەرەردان". 

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، نازم عەبدوڵا سەرۆكی كۆمەڵگەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنج شەممە رایگەیاند" لە ئێستادا نرخی یەك كیلۆ مریشك لە كێڵگە پەلەوەرییەكاندا بە ٢ هەزار دینار دەخرێتە بازاڕەوە و دەفرۆشرێت کە بە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو نرخەكەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە و بەمەش هەموو خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان لە زەرەردان". 

راشیگەیاند" لە ماوەی مانگی رەمەزاندا زۆرێک لە لایەنەکان ئەوەیان بەرەوا نەدەزانی کە نرخی مریشک ببێتە سێ هەزار دینار هەرەشەی داخستنی رێگاکانیان خوار و ناوەراستی عێراقیان دەکرد، لە کاتێکدا ئەو رێگایانە لەلایەن بازگەکانی حکومەتی عێراقەوە داخراوە". 

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان داواش لەو لایەنانە دەکات کە بێن باجی ئەو زەرەر و زیانانە بدەن کە لە خاوەن کێڵگەکان دەکەوێت. 

نازم عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا سەردانی بەغداد دەکەن و داواش لە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەکەن بە دەم کێشەکەیانەوە بچن و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش چاوێک بە بەروبومی ناوخۆدا بخشێنێتەوە. 



PM:05:15:10/04/2025