دەم پارتی: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ ئەردۆغان ئەرێنی بوو

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆتاییهات و ئەندامێکی شاندەکەش ڕایدەگەیەنێت" کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو". 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەندامانی شاندی ئیمرالی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار کۆبوونەوە و دیدارەکە نزیکەی کاتژمێرێک و ٢٥ خولەکی خایاند. 

هەروەها پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە سری سورەیا ئۆندەر بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە ئەندامێکی شاندی دەم پارتییە، ڕایگەیاند" کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو و هیوای زۆر زیاترمان هەیە".

وتیشی" لەم بابەتەدا ڕۆڵی سەرۆک کۆمار زۆر گرنگە، دەمانەوێت ئاشتی پێکبهێنین". 

لای خۆشییەوە پەروین بوڵدان وتی" دیدارێکی زۆر باش بوو، پرۆسەکە باش بەڕێوەدەچێت". 

بوڵدان هیواشی خواست ئەم دیدارە بۆ تورکیا ببێتە مایەی خێر و ببێتە هۆکاری بەرقەرارکردنی ئاشتی. 

هاوکات شاندی ئیمرالی لە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، کەمێک پێش ئێستا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە" کۆبوونەوەکەی نێوان شاندەکەمان و سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان زۆر ئەرێنی بوو، کەشێکی زۆر لەبار و بۆ داهاتوو هیوابەخش بوو". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" سەرنج خرایە سەر ئەو پڕۆسەیەی ئێستا و هەنگاوەکانی دواتر کە دەبێت بنرێت و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا، دیاریکرا کە بۆ کۆتایی هاتنی شەڕ و توندوتیژی، دروستبوونی گۆڕەپانێکی دیموکرات و سیاسی بۆ وڵاتەکەمان، گەلەکەمان و ناوچەکە گرنگییەکی ژیانییە". 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پارت و شاندەکەیان بۆ ئەوەی بە بەهێزتر و بە ئیرادەیەکی هەستیارەوە ئەو پرۆسەی لە پێشیانە و بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، درێژە بە کارەکانی خۆی دەدات، لە ئەمڕۆوە ئەو خاڵەی کە پێی گەیشتوون ڕادەگەیەنن کە لە دوێنێ زیاتر هیوابەخشە، بە ڕاگەیاندنی ئەمە زۆر دڵخۆشن.

هەروەها هاتووە" سوپاسی خۆمان پیشکەش بە پێشنیار، ئاگادارکردنەوە و ڕەخنە بەهێزەکانی هەموو لایەنە سیاسی، حزبی و لایەنە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین کە تا ئێستا بۆ ئەم پرۆسەیە کراون". 

بڕیارە شاندەکە جارێکی دیکە سەردانی ئیمرالی بکەن و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە.



PM:06:34:10/04/2025