ئەندامێکی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایدەگەیەنێت" سەربازانی دەوڵەتی تورکیا تەقەیان بە ڕووی ماڵانی گوندەكانی شیلادزێدا كردوە".
كامەران عوسمان ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" كاتژمێر ١٠:٣٦ خولەکی دوێنێ شەو، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی بۆردومانی چیای کوڕەژارۆیان لە ناحیەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی کرد".
ئاماژەی بەوەشکردووە، دواتر لە کاتژمێر ٢:٢٠ خولەکدا، سەربازانی تورکیا لە بارەگا سەربازییەکانیانەوە تەقەیان بە ڕووی گوندی بیریا شیخۆ لە دامێنی چیای کوڕەژارۆ کرد.
کامەران عوسمانی لە درێژەی بڵاوکراوەکەدا باسی لەوەشکردووە، یەکێک لە فیشەکەکان بەر ماڵی هاوڵاتییەکی مەدەنی بە ناوی (بەختیار محەمەد ڕەسوڵ) کەوت، ناوبراو خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە و سەرجەمیان لە خەودابوون کاتێک فیشەک لە جامی پەنجەرەکەیانەوە چوە ژورەوە.
دەشڵێت" پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش، کاتژمێر ١٠:١٥ خولەک، تۆپخانەکانی تورکیا لە چیای مەتیناوە تۆپبارانی بەری نزارکێیان لە چیای گارا کرد، بەڵام هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی، بەڵام هێرش و بۆردومانەکان دڵەڕاوکێیان بۆ دانیشتوانی ناوچەکە دروستکردوە".