وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پشتیوانی لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەین

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پشتیوانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و داواش لەسەرجەم لایەنەکان دەکات، بگەنە ڕێککەوتن لەسەر ئەو دۆسیەیە.

تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە دواین لێدوانیدا، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و وتیشی" زۆر گرنگە حکومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان و هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێک بکەون بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەی نەوت لە عێراقەوە بۆ تورکیا بکرێت".

ئاماژەی بەوەش کردوە، وەستانی هەناردەکردنی نەوت، کاریگەری لەسەر گەشەی ئابوریی عێراق دروست دەکات و سەقامگیری ئابوری ناوچەکە تێک دەدات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتیشی" پێویستە حکومەتی عێراق ڕێز لە مەرجەکانی گرێبەستەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بگرێت و جەختیشی کردەوە لەوەی، ئەمریکا ئامادەیە دەرفەتی بازرگانی لەگەڵ عێراق پەرە پێبدات، ئەگەر هەمو لایەنەکان بە خێرایی هەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و دەستبەجێ کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا".




PM:09:13:10/04/2025