نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەردۆغان باسی ئاشتیکردووە


سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی  لە کاراکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی" بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا کردووەتەوە.

هەینی ١١ی نیسان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا کۆبووەوەو لە پۆستێکدا لە تۆری کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیوویەتی "کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان هەبوو، جەختم لە گرنگیی کاراکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا وەک رێگەیەک بەرەو سەقامگیری و ئاشتیی بەردەوام کردەوە."
 
لە درێژەی پۆستەکەیدا دەشڵێت "دووپاتم کردەوە کە پێویستە سوود لەم دەرفەتە مێژووییە وەربگیرێت و دەبێت پەکەکەش بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلان بداتەوە."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "هەروەها باسی کۆبوونەوەی ئەم دواییانەی سەرۆک ئەردۆغان و شاندی دەم پارتی و گرنگییەکەی بۆ گفتوگۆ و ئاشتی کرد."

دوێنێ ١٠ ی نیسان وەفدێکی دەم پارتی سەردانی ئەردۆغانیان کردو کۆبوونەوەکە ١:٢٥ خایاند و دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیاندنێکدا وەفدی ئیمرالی رایانگەیاند" لە دوێنێ گەشبینترین ".
 
 




PM:08:48:11/04/2025