مەسرور بارزانی‌و مارکۆ رۆبیۆ پەیوەندیەکی تەلەفونیان ئەنجامدا


سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا، هاوڕابوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

میدیاکانی پارتی هەینی ١١ـی نیسان بڵاویانکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بە تەلەفۆن قسەیان کرد و وێڕای تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، جەختیشیان لە بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە.

هاوکات هاوڕاشبوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی.

وەک لەو میدیایەدا هاتووە "وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان و ڕۆڵێکی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە".

مەسرور بارزانی و مارکۆ ڕوبیۆ، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە پەیوەندیی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش.




PM:10:15:11/04/2025