پێشەوا هەورامی: ئێمەش دەمانەوێت ڕۆڵمان هەبێت لە سەقامگیری عێراقدا

وتەبێژی حکومەتی هەرێم جەخت لەوەدەکاتەوە کە  سەردانەکەی سودانی بۆ هەولێر بۆ تاوتوێکردن و چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولادا گرنگە،و دەشڵێت" ئێمەش دەمانەوێت ڕۆڵمان هەبێت لە سەقامگیری عێراقدا".

پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە، ١٢ی نیسانی ٢٠٢٥ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر، بۆ تاوتوێکردن و چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولادا گرنگە".

وتیشی" کۆبوونەوەکانی ڕابردووش ئەنجامی باشیان هەبووە، بۆیە جەخت دەکەینەوە دانیشتن و گفتوگۆ، تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی پێکەوە کێشەکان چارە بکەین".

پێشەوا هەورامی باسی لەوەشکرد خواستی ئێمەیە لە گۆڕانکاریی ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکەدا، ئێمەش ڕۆڵمان لە سەقامگیریی عێراق هەبێت، لە پاڵ ئەمەشدا حکوومەتی فیدراڵ، مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بدات و دەستوور بکاتە بنەمای چارەکردنی کێشەکان.




PM:12:02:12/04/2025