کۆبانێ ناوی نوێنەرەکانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق ئاشكرادەكات

ناوی نوێنەرانی ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە ئاشکرا بوو کە لە ١٠ی ئاداردا لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و دەسەڵاتدارانی دیمەشق ئەنجامدرا. 

ئەمڕۆ دووهەمین دیداری نێوان سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە و نوێنەرانی دەسەڵاتدارانی دیمەشق لە شاری حەسەکە بەڕێوەچوو، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ١٠ی ئازاردا ئەنجامدران. 

بەپێی ڕاگەیەندراوی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەندامی فەرماندەیی گشتی، ڕۆحلات عەفرین بەڕێوەچوو، هەروەها حسێن ئەلسەلامە، سەرۆکی ئەو لیژنەیەی کە دەسەڵاتدارانی دیمەشق بۆ یەکلاییکردنەوەی ڕێککەوتنەکە ڕاسپێردراون و محەمەد قەناتری ئەندامی لیژنەکەش ئامادەبوون.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پێشکەوتنەکانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە کرا، جەخت لەسەر پێویستی بەردەوامی کەمکردنەوەی توندوتیژی و وەستاندنی شەڕەکانی سوریا کرایەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە بێلایەنکردنی بەنداوی تشرین لە هەر هێرشێکی سەربازی.

هەروەها باس لە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ تاوتوێکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی زۆرەملێ لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی سوریا کرا.

لە میانی دیدارەکەدا ناوی ئەو ئەندامانی لیژنەیە ئاشکراکرا کە نوێنەرایەتی ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن لە گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق، ئەوانیش بریتین لە: فەوزە یوسف، عەبدولحەمید ئەلمەهباش، ئەحمەد یوسف، سەنحەریب بەرسوم، و سوزدار حاجی، مەریەم ئیبراهیم و یاسر سلێمان وەک وتەبێژی فەرمی لیژنەکە کاردەکەن.



PM:07:23:12/04/2025