کەشناسێکی شارەزا ڕایدەگەیەنێت" لە نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لەگەڵ بارینی بەفرێکی مامناوەند لە لوتکەی شاخە بەرزەکان". دەشڵێت" بەرەبەیانی چوارشەممە کۆتای بە شەپۆلەکە دێت، بەڵام کەش ساردەبێت هاوشێوەی کاتەکانی زستان".
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، ئەمشەو شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" سبەینێ ئاسمانی هەرێم بە زۆری ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک هەوری تەواو دەبێت و ناوبەناو نمە بارانی پچر پچر دەبارێت لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی جەمسەری باکور لەسەر ناوجەکانمان و وڵاتی تورکیا و دەریای ناوەراست لە نیوەرۆی دوو سبەی رۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین لە دەریای ناوەراستەوە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە سەرەتاش لە سنوری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی باکوری پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات بە بارانی مامناوەند و پچر پچڕ".
ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی سێشەممە کاریگەری ئەو شەپۆلە چالاکتر دەبێت بۆسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و ئەگەری بارانی بەخوڕ و هەندێک کات هەورە بروسکە و تەرزە بارینیش دەبێت لەگەڵ بارینی بەفرێکی مامناوەند لە لوتکەی شاخە بەرزەکان لە بەرزی زیاتر لە ١٨٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە، وە نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما و گەرانەوەی کەشێکی زستانەیی سارد بۆ زۆربەی ناوچەکان و چالاکبوونی بای باشور و باشوری رۆژئاوا بەخێرای ١٥ تا ٤٠ کم لە کاتژمێرێکدا.
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەری ئەم شەپۆلە ئێوارەی هەمان رۆژ سێشەممە بەرێژەیەکی لاواز بۆ مامناوەند درێژدەبێتەوە بۆ ناوچەکانی ئیدارەی راپەرین و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و باکوری گەرمیان لەو ناوچانەشدا ئەگەری نمە باران بۆ بارانی مامناوەندی پچر پچر دەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان.
ئەو کەشناسە کوردە پێشبینیش دەکات، لە کۆتای شەپۆلەکەدا لە کاتەکانی شەوی سێشەممە لەسەر بەرەبەیانی چوارشەممە ١٦ی نیسان کاریگەری بارستە هەوا ساردەکە زیاتر دەبێت، بەهۆیەوە پلەکانی گەرما نزمتردەبنەوە و ئەگەر هەیە بەفر دابەزێتە سەنتەری حاجی ئۆمەران و پێنجوێن و چیای ئەزمەر و بەگشتی ئەو ناوچە شاخاویانەی بەرزیان زیاترە لە ١٢٠٠ مەتر، بەڵام رێژەی بەفرەکە کەم دەبێت لە نێوان ١ تا ٣ سم و بەرەبەیانی چوارشەممە کۆتای بە شەپۆلەکە دێت و کەش سەقامگیر دەبێتەوە، بەڵام پلەکانی گەرما بۆ رۆژی چوارشەممە بەنزمی دەمێنێتەوە و کەش ساردەبێت هاوشێوەی کاتەکانی زستان.
هەروەها رێژەی پێشبینیکراوی بارانبارین لە ماوەی ئەم شەپۆلەدا بەمشێوەیە دەبێت:
پارێزگای دهۆک ٢٠ - ٦٠ ملم
پاڕێزگای هەولێر ١٠ - ١٥ ملم، ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە و ئیدارەی سۆران ٣٠ - ٦٠ ملم
ئیدارەی راپەرین ١٥ - ٣٠ ملم
پارێزگای سلێمانی ٥ - ٢٠ ملم
پارێزگای هەڵەبجە ٥ - ١٠ ملم
پارێزگای کەرکوک ٣ - ٦ ملم
ئیدارەی گەرمیان ٠ - ٤ ملم