گارە.. لە ئەنجامی بۆردومانێكی توركیادا دوو گەریلا گیانیان لەدەستدا

هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ڕایدەگەیەنێت" وێڕای ئاگربەست، سوپای توركیا بەردەوامە لە هێرشەكانی". دەشڵێت" رۆژی 7ی ئەم مانگە لە بۆردومانێكی توركیادا لە گارە، دوو گەریلا شەهیدبوون". 

ناوەندنی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل - هەپەگە، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" وێڕای ئاگربەستی هێزەكانمان، سوپای توركیا لە زەوی و ئاسمانە بەردەوامە لە هێرشەكانی بۆ سەر گەریلا". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی ٧ی نیسان سوپای تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانی گۆڕەپانی چراڤی ناوچەی گارەی کرد و لە ئەنجامدا دوو گەریلا گیانیان لەدەستدا. 

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" رۆژانی ٨ و ٩ی نیسان، ناوچەی گارە دوو جار و ناوچەی مەتینا جارێک و ناوچەی ڕۆژئاوای زاپ جارێک، بە گشتی چوار جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانکران". 

هەپەگە ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی ٩ی نیسان سوپای تورکیا لە دەوروبەری گوندی مەزنێی ناوچەی مەتینا ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجام دا، لەم ئۆپەراسیۆنەدا باخ و باخچەی گوندنیشینەكان لەلایەن تورکیاوە سوتێندران.

هێزەکانی پاراستنی گەل هێمای بۆئەوەشکردووە، لە نێوان رۆژانی ٩ تا ١٢ی نیسان، ناوچەی خواكورك ٣٣ جار، ناوچەی گارە ١٢٧ جار، ناوچەی مەتینا ٢٧٢ جار، ناوچەی ڕۆژئاوای زاپ ٥٩٤ جار، بەگشتی ١٠٢٦ جار بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن بۆردومانکران.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە" رۆژانی ٩ تا ١٢ی نیسان، هێزەكانیان بە چەكی فەردی و ئۆتۆماتێك و درۆن، پێنج جار وەڵامی هێرشەكانی سوپای توركیایان لە سنوری شیلادزێ لە مەتینا و لە ناوچەی رۆژئاوای زاب داوەتەوە كە لە دوایینیاندا گورزیان لەو ئۆتۆمبێلە زرێپۆشە وەشاندوە كە بە چەكی قورس تونێل و سەنگەرەکانی گەریلایان لە گۆڕەپانی سەرگەلێی ڕۆژئاوای زاپ بۆردومان دەكرد". 



PM:11:02:12/04/2025