ڕۆژانی ١١ و ١٢ی ئەم مانگە لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆنفرانسی نێونەتەوەیی بە ناونیشانی (ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد) بەڕێوەچوو خرایەڕوو، تێیدا جەخت لە بانگەوازی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی ئۆجەلان و ئازادکردنی کرایەوە.
لە ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەدا هاتووە" بۆ ئەوەی حکومەتی تورکیا لە ڕێگەی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەستپێبکات و پرۆسەیەکی ئاشتی جددیتر بەرەوپێش ببات، دەبێت فشاری سیاسی لەسەر حکومەتەکانی ئەوروپا بگاتە لوتکە و بەهێزتر بکرێن".
هەروەها داواش دەکەن خەبات بکرێت بۆ ئەوەی هاوشێوەی ئیتاڵیا، لە سەرانسەری جیهان، ڕەگەزنامەی فەخری بە ئۆجالان ببەخشرێت.
دەقی ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە بەمشێوەیە:
لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆنفرانسی نێونەتەوەیی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد” بە بەشداری ٣٦٠ نوێنەری پارتە سیاسییەکان، سەندیکاکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و ئیکۆلۆژیا، پارێزەران، ڕێکخراوە یاساییەکان، چالاکوانانی ئاشتی، ئەندامانی ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا، ئەکادیمیستەکان، ڕۆژنامەنووسان، کەسانی ئایینی، دکتۆر و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتەکانی ئەوروپا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین و ئاسیا و میسڕ و تورکیا و کوردستان، لەنێوان ١١-١٢ـی نیسان بەڕێوەچوو.
بەشداربووان بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ـی ڕێبەر ئاپۆ کرد، کە ٢٧ ی شوبات لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە خرایەڕوو، وە پشتگیریان بۆ بانگەوازەکە دووپات کردەوە. هەروەها ٩ـیەمین ئاگربەستی تاکلایەنەی پەکەکە، وەک درێژەپێدەری دڵسۆزی لایەنی کوردی بۆ ئاشتی هەڵسەنگێندرا.
بەشداربووان بێوەڵامی دەوڵەتی تورکیا بۆ بانگەوازەکەی ڕێبەر ئۆجالان و ئاگربەستی تاکلایەنەی پەکەکەیان وەک مەترسییەکی جددی بینی.
لە تورکیا شەپۆلی گرتنی سەرۆکی شارەوانی و ڕۆژنامەنووس و پارێزەر و ئاشتیخوازان، بەئاشکرا ڕێبازی دەسەڵاتخوازی و تاکڕەوی حکومەتی تورکیا نیشان دەدات. ئەمەش بەرامبەر ئەو لێدوانە سیاسییانەی دەربارەی دەسپێکردنی قۆناغی ئاشتی داویانە، بێمتمانەییەک درووست دەکات.
هەروەها هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر سەنگەرەکانی گەریلاکانی پەکەکە بەردەوامە و هەواڵەکان دەربارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دیسان لە ڕۆژەڤدایە.
لە کۆنفرانسەکەدا ئاستەنگ و ئەنجامە ئەرێنییەکانی دوو ساڵی دوایی کەمپەینەکە بە فراوانی تاوتوێکرا. ئەو کەمپەینە کیشوەرییەی کە بە چەندین چالاکی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی بەڕێوەچوو، ڕێخۆشکەر بوو بۆ فشارخستنەسەر کۆنسەی ئەوروپا و سی پی تی و حکومەتی تورک.
لە ڕێگەی ئەم چالاکییانەوە ئایدیاکانی ئۆجالان سەبارەت بە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، ئازادیی ژنان، ئیکۆلۆژیا، فرەڕەنگی و دیدگا نوێیەکان بۆ پێکەوەژیان، بوونە سەرچاوەی ئیلهام بۆ هەموو جیهان.
ئەمڕۆ تێکۆشان بۆ ئازادی ئۆجالان، چانسی سەرکەوتنی بانگەوازی مێژوویی ئۆجالانی بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک زیاتر کردووە. ئازادی ئۆجالان مەرجێکی پێویستە بۆ چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد و ئەمەش زەمینە بۆ پڕۆسەی دیموکراتیزەکردن لە تورکیا خۆش دەکات.
دیموکراتیکبوونی تورکیا گۆڕانکاریی ئەرێنی بۆ سوریا، ڕۆژئاوا، عێراق، باشووری کوردستان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لە سەردەمێکدا کە سیاسەت بەرەو ڕاستڕەوی دەڕوات و بێ یاسایی و وێرانکاری ئیکۆلۆژی و دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژنان لە ئاستی جیهانیدا زیاتر دەبێت، ئۆجالان لە قەیراناویترین هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێزی کۆمەڵگا بە دەرفەتێک بۆ ئاشتی دەبینێت. بۆیە بانگەوازەکەی بۆ ئێمەیە. ئەو بانگەوازەی ئۆجالان هەلێکە بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە یەکێکە لە هەرێمە هەرە گرنگەکانی جیهان.
بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ڕێگەی ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە، دەبێت ئەم پێشنیارانە جێبەجێ بکرێن:
١- بۆ ئەوەی حکومەتی تورکیا لەڕێگەی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەست پێ بکات و پرۆسەیەکی ئاشتی جددیتر بەرەوپێش ببات، دەبێت فشاری سیاسی لەسەر حکومەتەکانی ئەوروپا بگاتە لوتکە و بەهێزتر بکرێن.
٢- خەبات بکرێت بۆ ئەوەی هاوشێوەی ئیتاڵیا، لە سەرانسەری جیهان، ڕەگەزنامەی فەخری بە ئۆجالان ببەخشرێت.
٣- بە پێشەنگایەتی سەندیکا و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە فراوانەکان لە پایتەختەکاندا، کەمپەینی "ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد” لە ٢ـی ئەیلوول، ڕۆژی جیهانیی ئاشتیدا، بکرێتە ڕۆژی چالاکیی جیهانی.
٤- کۆنسێرت و سیمینار بۆ ئازادی ئۆجالان ئەنجام بدرێت.
٥- ئۆجالان کاندیدبکرێت بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.