سی پی تی: تورکیا خانووی هاوڵاتییەکی مەدەنی خاپور کرد

ئەندامێکی ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی ڕایدەگەیەنێت" بەهۆی تۆپبارانی سوپای تورکیا لە چیای مەتینا خانووی هاوڵاتییەکی مەدەنی بە تەواوی خاپوربوو". 

کامەران عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە کاتژمێر ١:٣٥ خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆدا، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لەسەر چیای مەتیناوە، تۆپبارانی گوندی کەفنە مژێیان لە بەری گارە لە قەزای ئامێدی کرد". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانانەدا، خانووی هاوڵاتییەکی مەدەنی بەناوی ماهیر ئەسکەندەر بە تەواوی خاپوربوو.

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی، لە ڕۆژی ١٦ی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووەوە، بەهۆی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی خاکڕەوی سوپای تورکیا و چڕبوونەوەی هێرش و بۆردوومانەکان بۆسەر چیای گارە، دانیشتوانی هەر چوار گوندی (مژێ، کەفنە مژێ، گرگاشێ و سپیندارێ) ئاوارەبوون و ڕێگای سەرەکی هەر چوار گوندەکەش بە تەواوی گیراوە.



PM:07:21:13/04/2025