بافڵ تاڵەبانی: لەم یادە بە ئازارەدا جەخت لە یەکڕیزیی و پێکەوەیی هەموو لایەنەکان دەکەینەوە

سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ساڵیادی ٣٧ ساڵەی جینۆسایدی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" بە دڵێکی پڕ خەمەوە یادی ئەو کارەساتە دەکەنەوە و لەم یادە بە ئازارەدا جەخت لە یەکڕیزیی و پێکەوەیی هەموو لایەنەکان دەکەینەوە تاوەکو رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە و بگەینە ئامانجەکانمان".

ئەمڕۆ دووشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ساڵیادی ٣٧ ساڵەی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" بە دڵێکی پڕ خەمەوە یادی ٣٧ ساڵەی کارەساتی ئەنفال دەکەینەوە کە یەکێکە لە سامناکترین و دڕندانەترین مەرامەکانی رژێمی پێشووی عیراق بۆ سڕینەوەی گەلی کورد".

دەشڵێت" داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەکەین ئەرکی خۆیان بەرامبەر کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان جێبەجێبکەن و لە هەموو ڕووەکانەوە قەرەبوویان بکەنەوە، چونکە ئەرکی سەرشانی هەموولایەکە گوێ لە داواکارییە ڕەواکانیان بگرن و جێبەجێیان بکەن".

بافڵ تاڵەبانیدەشڵێت" ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان دەیکەین تا ژیانێکی شایستەتریان بۆ دابینبکەین و بەڵێن دەدەین ڕۆڵەیەکی بە وەفا دەبین بۆیان، چونکە ئازاری ئەوان، ئازاری ئێمەشە".

سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەشی وتووە" هەوڵەکانمان لە پرۆسه‌ی گه‌ڕان به‌دوای ڕووفاتی شه‌هیدان و گێڕانه‌وه‌یان بۆ نیشتمان بەردەوامە تا کەمێک برینی قوڵی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان ساڕێژبێت کە برینی سەر دڵی هەموومانە".

باسی لەوەشکردووە" لەم یادە بە ئازارەدا جەخت لە یەکڕیزیی و پێکەوەیی هەموو لایەنەکان دەکەینەوە تاوەکو رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە و بگەینە ئامانجەکانمان کە سەرەکیترینیان خزمەتکردنی هاوڵاتییانی خۆشەویستی کوردستانە".



AM:10:56:14/04/2025