کەشناسێکی کورد پێشبینی دەستپێکردنی شەپۆلی سەرما و باران و بەفر بارین دەکات و دەڵیت" ️ پلەی گەرمی بۆ سفر پلە نزمدەبێتەوە و لە بەرزی زیاتر پلەی گەرمی چەند پلەیەک بۆ ژێر سفریش دائەبەزێت و بەستن ڕووئەدات و باران وبەفر بارین دەستپێدەکات".
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" سبەی سێشەمە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٥ لە کاتەکانی بەرەبەیانەوە کاریگەری شەپۆلی جەمسەری باکور لەسەر ناوچەکانمان زیاددەکات و بەدرێژای کاتەکان ئاسمانی ھەڕێم ھەوری تەواو ئەبێت و پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی ٥ تا ٧ پلە نزمدەبێتەوە کەش لەتەواوی ناوچەکانمان سارد ئەبێت ، لە کاتەکانی بەیانیەوە تا کاتەکانی ئێوارە ناوبەناو لەسەرجەم ناوچەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی راپەرین و سۆران ئەگەری بارانی باش و رێژە مامناوەندی پچر پچر ئەبێت و لەناوچە شاخاویەکان رێژەکەی زیاتر ئەبێت و لە شاخە بەرزەکانیش لەبەرزی ١٨٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەفر بارین ئەبێت لەناوچەکانی ئیدارەی گەرمیانیش ھەندێک کات بارانی کەم بۆ مامناوەند ئەبارێت ، بای باشوری رۆژئاوا چالاک ئەبێت بەخێرای ١٥ تا ٣٥ کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا ".
ئەو کەشناسە دەشڵێت" لەکاتەکانی سبەی ئێوارەوە کاریگەری شەپۆلەکە بەگشتی لەسەرجەم ناوچەکان لاواز ئەبێت و لەشەویشدا بۆ بەرەبەیانی چوارشەمە ١٦ی نیسان بەھۆی زیاتر نزمبوونەوەی پلەی گەرمی و مانەوەی شەپۆلەکە بەلاوازی ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاویەکان ئەبێت لەبەرزی ١٢٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە وە لەھەمان بەرزیەوە پلەی گەرمی بۆ سفر پلە نزمدەبێتەوە و لە بەرزی زیاتر پلەی گەرمی چەند پلەیەک بۆ ژێر سفریش دائەبەزێت و بەستن ڕووئەدات و پاشان بەیانی رۆژی چوارشەم کۆتای پێدێت و کەش سەقامگیر ئەبێتەوە و بەڵام پلەکانی گەرما بەنزمی ئەمێنێتەوە و بارستە ھەوا ساردەکە لەسەر ناوچەکانمان بەردەوامی ئەبێت".