سودانی لە یادی ئەنفالدا:
گەلی عێراق بە یەکگرتووی بەرەو بنیاتنان و ئاشتی هەنگاو دەنێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی لەبارەی جینۆسایدی ئەنفال کە ٣٧ ساڵ پێش ئێستا لەلایەن ڕژێمی پێشووی بەعسەوە ئەنجامدرابوو، بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە گەلی عێراق" بە یەکگرتووی بۆ بنیاتنانەوە و ئاشتی بەرەو پێشەوە دەڕوات".

محمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە" ناشیرینی ئەم تاوانە نەک هەر ڕەگەزپەرستی ڕژێمی پێشووی ئاشکرا کرد، بەڵکو هەوڵە نائومێدەکانیشی بۆ دڕاندنی یەکڕیزی گەلی عێراق و تێکدانی هێزە نیشتمانییەکانی ئاشکراکرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئیرادەی عێراقییەکان بەهێزتر بوو، ئەمڕۆش ڕۆحی برایەتی و پێکەوە ژیان بەسەر هەموو خەڵکدا سەردەکەوێت". 

سودانی دەشڵێت" سەردەمی ستەمکاری کۆتاییهات و خراوەتە مێژوو، ئەمڕۆ عێراقییەکان بە هەموو هەمەچەشنییەکەیەوە، بەردەوامن لە ڕۆیشتن بەیەکەوە لەسەر ڕێگای بنیاتنانەوە و گەشەپێدان، بۆ عێراقێکی یەکگرتوو و ئەمن و سەقامگی". 

ڕژێمی بەعس لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هەزاران کەسی سیڤیلی بێتاوانی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە ڕفاند و بە زیندووی لە بیابانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق زیندە بەچاڵ کران و زۆر کەسی تریش تائێستا بێسەروشوێنن، چارەنووسیان نادیارە.

هەروەها پرۆسەکە لە ساڵی ١٩٨٨ بە ناوی ئەنفال دەستپێکرد، هەزاران گوندی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج، ئەم هەڵمەتە بووە هۆی وێرانکردنی هەزاران گوند و دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنی زیاتر لە ١٨٢ هەزار دانیشتوو.



PM:01:42:14/04/2025