خاڵی ژینا ئەمینی لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرا.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەفا عائیلی تەمەن ٣۱ ساڵ و خاڵی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندی سەقز گواسترایەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەفا عائیلی بەبێ هیچ ئاگادارییەکی پێشتر و ناردنی ڕاگەیەندراوەیەکی فەرمی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزاکەی، دەستبەسەر کراوە و چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرکردنی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ بەندیخانە گواستراوەتەوە.
سەفا عائیلی پێشتر لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئێران بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری سەقز دەستبەسەر کرابوو، دواتر بەدانانی بارمتەی یەک ملیار و دووسەد ملیۆن تمەنی ئێرانی و هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.
ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و چووبووە دۆخی بێهۆشی، دوای سێ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
هەروەها لە ڕۆژی ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەگەڵ ئامادەبوونی زۆری خەڵک و وتنەوەی دروشمی دژ بە حکومەت و دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) مەراسیمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی بەڕێوەچوو، هەروەها دواتر مەراسیمەکە بەشێوەیەکی خێرا گۆڕا بۆ گەورەترین ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە دژی کۆماری ئیسلامی.