هێزە ئەمنیەکانی هەولێر دوبارە ڕێگریان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیکرد کە بڕیار بوو تێێدا کەسێک بەڵگەی گەندەڵی لەبارەی فڕۆکەخانەی هەولێر بخاتەروو و هاوکات هێزە ئەمنییەکان هەوڵیان دا بڵاوە بە خۆپیشاندانی کارمەندانی سەرژمێری بکەن کە سەرکەوتوو نەبوون.
بە گوێرەی میدیاکان ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی نیسان هێزە ئەمنییەکان ڕیگریان کرد لەوەی کەسێک بە ناوی "فەرهاد ستونی" کۆنگرەی رۆژنامەوانی لە بەردەم دادگای هەولێر ئەنجامبدات.
.فەرهاد ستونی دەڵێت"دەیان بەڵگەی گەندەڵی و هەستیاری لەبارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لایە" و بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری رێگریکردن لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە ئەوەیە کە بەڵگەکانی فەرهاد ستونی لەسەر باڵی دەستڕۆیشتووی پارتییە.
ئەوەش لە کاتێکدایە فەرهاد ستونی، پێشتر لە فڕۆکەخانەی هەولێر کارمەند بووە و چەند جارێکیش کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەنجامداوە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ی بەرەبەیانی هێزێکی زۆری ئەمنی بەجلوبەرگی سەربازی و مەدەنی لەهەولێر بڵاوەی پێکرابوو بۆ ڕێگریکردن له خۆپیشاندانی کارمەندانی پڕۆسەی سەرژمێری، کە بڕیاروابوو لەبەردەم وەزارەتی پلاندانان گردببنەوە، بەلام سەرەرای هەوڵی هێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندانەکە بەڕێوەچوو.