مەسعود بارزانی بەبۆنەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا وێڕای دەستخۆشی لە فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمان هیوای خواست کە ئەوە هەنگاوێک بێت بۆ بووژانەوەی زیاتری هەڵەبجە و ساڕێژبوونی برینەکانی هاوڵاتیانی هەڵەبجە.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی نیسان مەسعود بازرانی سەرۆکی پارتی پەیامێکی بەبۆنە پەسەندکرانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بڵاوکردەوە.
مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا بە بۆنە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەڵێت" دەستخۆشی لە فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە بە یەکدەنگی و یەکڕیزی ئەو دەستکەوتەیان بۆ خەڵکی هەڵەبجە و کوردستانیان مسۆگەر کرد و هاوکاری یەکتر بوون بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی خۆشەویست و پێزانینم بۆ ڕۆڵی هەموو ئەو بەڕێزانە هەیە کە هەوڵیان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە داوە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەشیدا مەسعود بارزانی دەڵێت" هیوادارم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هەنگاوێک بێت بۆ خزمەتکردن و بوژانەوەی زیاتری ئەم دەڤەرە قوربانیدەرەی کوردستان و ساڕێژبوونی برین و ئازارەکانی هاووڵاتیانی هەڵەبجە".
دەقی پەیامەکە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
دەستخۆشی و سوپاسی خۆم ئاراستەی سەرۆکایەتی و هەموو ئەو ئەندام و کوتلە سیاسیانەی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە ڕۆڵی ئەرێنیان بینی لە پەسەندکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، هەروەها دەستخۆشی لە فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە بە یەکدەنگی و یەکڕیزی ئەو دەستکەوتەیان بۆ خەڵکی هەڵەبجە و کوردستانیان مسۆگەر کرد و هاوکاری یەکتر بوون بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی خۆشەویست و پێزانینم بۆ ڕۆڵی هەموو ئەو بەڕێزانە هەیە کە هەوڵیان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە داوە.
هەروەها پیرۆزباییەکی گەرمیش لە خەڵکی خۆشەویستی هەڵەبجە و هەموو کوردستانیانی ئازیز دەکەم، هیوادارم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هەنگاوێک بێت بۆ خزمەتکردن و بوژانەوەی زیاتری ئەم دەڤەرە قوربانیدەرەی کوردستان و ساڕێژبوونی برین و ئازارەکانی هاووڵاتیانی هەڵەبجە.
هەر لەو بۆنەیەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی کوردستان دەنێرین و هیوای خێر و خۆشی بۆ خەڵکی هەڵەبجە و هەموو کوردستانیان دەخوازین.
مسعود بارزانی ١٤ی نیسانی ٢٠٢٥