سەرۆکی فڕاکسیۆنی دەمپارتی ڕایگەیاند، ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆدەبنەوە، ئەو هەنگاوانەی کە پڕۆسەی ئاشتی بەرەوپێشەوە دەبات، هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلانە.
گوڵستان کلیج کۆچیەگیت، لە کۆبونەوەی فڕاکسیۆنی حیزبەکەی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی ١٨ی ئەم مانگە سەبارەت پرسە یاساییەکانی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ یلماز تونج، وەزیری دادی تورکیا کۆدەبنەوە.
سەرۆکی فڕاکسیۆنی دەمپارتی ئاماژەی بە کۆبونەوەکەی نێوان شاندی دەمپارتی و سەرۆک کۆماری تورکیا کرد ڕایگەیاند، کۆبونەوەکە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بو بۆ ئەوەی پرسی کورد دور لە توندوتیژی و ململانێ بەرەوپێشەوە بچێت.
گوڵستان کلیج جەختی لەوەکردەوە، کۆبونەوەکەی دەمپارتی و ئەردۆغان بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە بۆ ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی بردە قۆناغێکی گرنگەوە.
سەرۆکی فڕاکسیۆنی دەمپارتی وتیشی"گفتوگۆ لەسەر هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر ئیمڕاڵی و فەراهەمکردنی هەڵومەرجی گونجاو بۆ ئۆجەلان کراوە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەباشی بەڕێوەبچیت".