دژی خەرجنەکردنی دەرماڵەکانیان خانەنشینانی سەربازی گردبونەوە

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ژمارەیەک خانەنشینی سەربازی لە بەردەم بینای بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوای خەرجکردنی دەرماڵەکانیان دەکەن کە لە دوای خانەنشینبوونیان دواکەوتووە.

تەها عەزیز نوێنەری خانەنشینانی سەربازی نارازی لە سلێمانی، ئەمڕۆ ١٥ی نیسانی ٢٠٢٥ لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" خانەنشینان ماوەی ١٨ مانگە دەرماڵەی خانەنشینیەکانیان وەرنەگرتووە، جگە لە مووچەی کەڵەکەبووی مۆڵەتی ساڵانەی بەکارنەهێنراو". 

وتیشی" خانەنشینانیش دەرماڵەی هاوسەرگیری و بڕوانامەی خوێندنیان وەرنەگرتووە، ئەمە جگە لەو یارمەتییانەی پەیوەستن بە پلەبەرزکردنەوەی کارەوە کە ژمارەیەکی زۆریان پێش خانەنشینبوون و دوای خانەنشینبوون وەریانگرتووە".

جەختیشیکردەوە، لە نێوان هەولێر و سلێمانی جیاوازییەکی زۆر لە مووچەی خانەنشینان هەیە، چونکە ئەو دەرماڵەیە لە هەولێر بۆ خانەنشینان خەرجدەکرێت.

هەروەها تەها عەزیز داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە خەرجکردنی دەرماڵەکانیان خێراتر بکات، بە پێچەوانەوە وەڵامی توندیان دەبێت.



AM:11:04:15/04/2025