دوای دەنگدان لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاشکرای دەکات کە قورسە ئێستا و بۆهەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمان ئەو پارێزگایە بكرێتە بازنەیەكی سەربەخۆ.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند"پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە و پێش ئەوەش سەرۆك كۆمار یاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە واژۆ بكات و لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاوبكرێتەوە و پاشان بە مەرسومی كۆماری پارێزگا نوێیەكە زیادبكرێت و سنوورە كارگێڕییەكەشی دیاری بكرێت ئەو كات دەتوانرێت بكرێت بە بازنەیەكی سەربەخۆ".
وتیشی"كاتێك یاساكە جێبەجێدەكرێت، ئەوكات یەكە كارگێڕییەكان بۆ پارێزگاكا زیاد دەكرێن كە لە نێویاندا نووسینگەی هەڵبژاردن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دواتریش دیاریكردنی كورسییەكانی پارێزگاكە هەیە بەپێی ژمارەی دانیشتووان".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد"جێبەجێكردنی هەموو ئەو كارانە و كردنی هەڵەبجە بە بازنەیەكی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ كارێكی ئەستەم دەبێت و لەبەرئەوەش وەك پێشتر مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت".
پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە رۆژی دووشەممە ١٤ی نیسان ، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکرا و هەڵەبجە بووە ١٩ـەمین پارێزگای عێراق.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکردووە و کۆمیسیۆنیش ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو رۆژەدا پیشانداوە.