سودانی: لە هەڵبژاردنی داهاتوو خۆم کاندید دەکەم

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران خۆم کاندید دەکەم". 

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری سلێمانی، سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند" خۆم بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کاندید دەکەم". 

وتیشی" ڕێژەی پڕۆژە وەستاوەکان کەمیکردووە بۆ کەمتر لە ٨٥٠ پڕۆژە کە لە هەزاران پڕۆژە دابەزیوە". 

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق پێویستی بە چاکسازی بوێرانە و هەمەلایەنە هەیە، بەهای ڕاستەقینەی هەر چاکسازییەک گەیشتنە بە گروپە هەژار و پەراوێزخراوەکان و ڕزگارکردنیان لە چنگی هەژاری.

سودانی وتیشی" قبوڵ ناکرێت کێبڕکێی سیاسی بگۆڕێت بۆ بەکارهێنانی زمانی ناوزڕاندن و شاردنەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە ئەدای حکومەت". 

دەشڵێت" دەستمانکردووە بە بەرزترین پلانی بەرهەمهێنان بۆ دروستکردنی وێستگەی کارەبا و چوونە ناو پڕۆژەکانی وزەی خۆر و پاک و نوێبووەوە بۆ یەکەمجار". 

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق، سودانی دەڵێت" پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغداد دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی یاسایی و هونەری". 



AM:11:10:16/04/2025