نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت"
عێراق شایەتی گۆڕانکاری چۆنایەتییە لە دۆخی سیاسی و ئەمنی خۆیدا کە چیتر پێویستی بە بەردەوامی کارەکانی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە".
محەمەد حەسان نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە نۆیەمین دیداری سلێمانی رایگەیاند" عێراق گەیشتووەتە قۆناغێک کە چیتر پێویستی بە ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ باشتربوونی دۆخی وڵات، بەتایبەتی لە ڕووی ئەمنی و سیاسییەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵات لە وادەیەکی دەستووری نزیکدەبێتەوە کە ئەویش هەڵبژاردنە و نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی ئەم پرۆسەیە بۆ دەستەبەرکردنی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف و بەهێزکردنی ڕێبازی گەشەپێدان و چاکسازی.
محەمەد حەسان وتیشی" سەقامگیری عێراق نوێنەرایەتی پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیری تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
ئاماژەی بەوەشکرد، ناوچەکە بە دەست داگیرکاری و دەستێوەردانەکانی دەرەکییەوە زەرەرمەند بووە و کاتی ئەوە هاتووە گەلەکەی چێژ لە ئاسایش و سەقامگیری وەربگرن.
محەمەد حەسان ڕاشیگەیاند" ئەمساڵ ئەرکەکانمان لە عێراق کۆتاییان دێت، بەڵام لە پشتیوانیکردنی وڵاتەکە بەردەوام دەبین".