مەسرور بارزانی: ئەوەی لەسەر هەژماری من بڵاودەکرایەوە پروپاگەندەبوون

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر پرۆژەی هەژماری من زانیاری ئاشکرا دەکات و دەڵێت”پرۆژەکە بەردەوامە و نابێت ڕێگری لێ بکرێت”.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە نۆیەمین دیداری سلێمانی ڕایگیاند، بەداخەوە دواکەوتن و نەهاتنی مووچە نەدەبوایە ببێتە هەواڵی مانگانە چونکە مووچە ماف و شیاستەیە و دەبێت بدرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی ئێمە هەوڵمانداوە لە هەرێم بە دامەزراوەییکردنی سەرجەم سێکتەرەکانە لەنێویشیاندا مووچە، هەوڵەکانمان بۆ بەبانکیکردنی مووچە لەڕێگەی هەژماری من بەردەوامە بۆ ئەوەی مووچەخۆران خاوەنی هەژماری بانکی خۆیان بن.

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، پرۆژەی هەژماری من بۆ هاووڵاتی و مووچەخۆرە، بۆئەوەی خاوەنی هەژماری بانکی بێت و مووچەکەی دوربێت لە ململانێی سیاسی و میزاجی شەخسی و ئەو شایستەیەیان تێکەڵ بە هیچ ململانێیەک نەکرێت، و دەبێت حکومەت تاکە لایەنبێت مامەڵە لەگەڵ مووچەی هاووڵاتیان بکات.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەختیشیکردەوە، ٩٥٪ ئەوانەی بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من لەو پرۆژەیە ڕازین، وە هیچ ڕێگرییەک نییە بۆئەوەی هەژماری من بەردەوام نەبێت، ئەوەشی لە پێشوتردا لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسی و بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنەوە لەسەری بڵاودەکرایەوە پڕو پاگەندەبوون و هیچی ڕاست نەبوون، بەڵکو هەندێکیان لە پرۆژەکە شارەزا نەبوون.لەڕێگەی هەژماری من سیاسەتی کاش دەگوازینەوە بۆ سیستمی دیجیتاڵی و بەبانکیکردن

ئەوەشی خستەروو، هیچ لایەنێک نابێت بۆی هەبێت ڕێگری لەبەرنامەی حکومەت بکات، و بەدڵنیاییەوە ڕایدەگەیەنین ئەو پرۆژەیە سەرکەوتووانە بەردەوامە، هە‌ژماری من، مووچە بەشێوەیەكی ڕێكوپێك دەدات بە مووچەخۆران و سوودێكی زۆری بۆ هاووڵاتیان لەڕووی كارتی بانكیی و خزمەتگوزارییەبانکییەکان هەیە، هاوکات فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ كەم كردنەوەی پارەی كاش و بەئەلکترۆنیکردنی سیستمی دارایی لە هەرێم.



PM:04:48:16/04/2025