لە کەرکوک دوو حاڵەتی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمارکران

تەندروستی کەرکوک ئەمڕۆ هەینی تۆمارکردنی دوو حاڵەتی نوێی تای خوێنبەربوونی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی یەکەم حاڵەتی گیان لەدەستدان لە پارێزگاکە پشتڕاستکرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند" یەکێک لە توشبووەکان هاوڵاتییەکی خەڵکی یەکێک لە قەزاکانی کەرکوکە و ئەوی دیکەش کارمەندێکی حکومییە،
 هەردووکیان دوای پشتڕاستکردنەوەی تووشبوونەکانیان گواسترانەوە بۆ ناوەندێکی تایبەتمەند بۆ چارەسەرکردن". 

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا لە نەخۆشخانەن، لەوێ چاودێری باری تەندروستیان دەکرێت و ڕێگری لە کەسوکاریان دەکرێت بەرکەوتنیان لەگەڵ توشبووەکاندا هەبێت.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، تیمە تەندروستییەکان دەستیانکردووە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ نەخۆشەکەدا هەبووە و هەڵمەتی هۆشیاری خۆپارێزی لەو ناوچەیەی کە تووشبوونەکەی تێدا دەستنیشانکراوە جێبەجێدەکرێن. 

دوێنێش تەندروستی کەرکوک هەواڵی گیان لەدەستدانی یەکەم حاڵەتی تۆمارکراوی تای خوێنبەربوونی لە پارێزگاکە پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند" نەخۆشەکە لە سەرەتادا تووشی تایەکی زۆر و سەرئێشەی توند و ئازاری ماسولکەکان بووە، پێش ئەوەی بارودۆخەکەی پەرەسەندبێت بۆ خوێنبەربوونی ناوەوە و دەرەکی، ئەمەش پێویست بوو بگوازرێتەوە بۆ یەکەی چاودێری چڕ، بەڵام دواتر گیانی لەدەستداوە". 



PM:12:28:18/04/2025