ڕۆژنامەیەکى ئەمریکى ئاشکرای دەکات، ئەمریکا بە سەدان سەربازی لە سوریا کشاوندەوەتە و بڕیارە ئەو وڵاتە تەنها ٥٠٠ سەربازی لە سوریا بهێڵێتەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی، ئاشکرای کرد، پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەستی پێکردوە بە سەدان سەرباز ئەو وڵاتەیان بەجێ هێشتوە.
ئاماژەی بەوەش کردوە، هێزەکانی ئەمریکا ،ژمارەیان لە دو هەزار سەربازەوە بۆ هەزار و ٤٠٠ سەرباز کەم کراوەتەوە و سێ بنکەی گرنگی ئەمریکاش لە سوریا چۆڵ کراون کە بریتین لە پێگەى پاڵپشتى ئۆپەراسیۆنەکان لە قەریە خەزرا و فورات لەگەڵ پێگەیەکى بچوکتر.
هەر بە وتەی سەرچاوەکە، بڕیارە ژمارەی سەربازەکان بۆ ٥٠٠ کەم بکرێتەوە لە سوریا، بەڵام دوای ٦٠ ڕۆژ، سەرکردەکانی ئەمریکا، هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەن کە ئایا کەمکردنەوەکە زیاد دەکەن یان نا.
هەندێک سەرچاوەی دیکە باس لەوە دەکەن، کە ئەمریکا هێزەکانى لە سوریا ناکشێنێتەوە و تەنها سەرقاڵى ڕێکخستنەوەى هێزەکانییەتى.