ئەمڕۆ شەممە، شاندی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان لە بەغداد، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کۆدەبنەوە و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتیش تەوەری سەرەکی دەبێت.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای یەکێتی ڕایگەیاندبوو" دانووستان هەیە لەگەڵ برایان لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەوەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە لە یاسای بودجە لە بابەتی جێبەجێکردنیدا، چەند گەڕێک دانووستان کراوە و گەڕی داهاتوو رۆژی شەممە دەبێت".
وتیشی" پشتبەخودا ئەم گەڕە بەرهەمی دەبێت لە واژۆکردنی ڕێککەوتن و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری عێراق- تورکیا، بۆ زانیاری هەناردەنەکردنی ئەم نەوتە زیانی گەورەی بە عێراق گەیاندووە، بەو پێیەی ئەو بڕەی بەرهەمدەهێندرێت، هەژمارکراوە لەسەر پشکی عێراق لە ڕێکخراوی ئۆپیک، هەروەها هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەهێنێت، ئێمە قەرەبووی دەکەینەوە بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لە ناوچەکانی باشوور".
حەیان عەبدولغەنی، ئومێدیشی خواست بگەنە ڕێککەوتن بۆ هەناردەکردنی نەوت و دابەشبکردنەوەی داهاتەکەی بەسەر هەموو گەلانی عێراقدا.
بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی بەغداد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە فشاری ئەمریکایە، ویلایەتە یەکگرتووەکان داواکارە هەرچی زووە دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم بکرێتەوە.
زیاتر لە دوو ساڵە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆری ڕاگیراوە، بەڵام وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەکرد، هێشتا هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
لە ساڵی ٢٠٢٢ دادگای فیدراڵی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە و دواتر و لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان ڕاگیرا.