لە بارەی حەجی ئەمساڵەوە سعودییە هۆشداری دەدات

وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە جەخت لەسەر پێویستی وەرگرتنی ڤیزەی حەج لە ساڵی ٢٠٢٥ دەکاتەوە و هۆشداریش دەدات.

ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆری حاجیان لە ڕێگەی وەرگرتنی ڤیزای گەشتیاری و ڤیزای یەک ساڵە، توانیان بچنە سعودیە و فەریزەی حەج ئەنجام بدەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی چاودێری و بەرزیی پلەی گەرماوە ژمارەیەکیان تەندروستییان تێكچوو و بەشێکیشیان گیانیان لەدەست دا، کە بەشێک لەوانە هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بوون.

وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە لە ڕاگەیەنراوێکدا جەختی لەسەر گرنگی پابەندبوون بە ڕێسا و ڕێنماییەکان کردووەتەوە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی حاجیان و دەڵێت،" ڤیزە بە هەموو جۆرەکانیەوە مافی ئەنجامدانی حەج بە خاوەنەکانیان نادات، جگە لەوانەی خاوەن ڤیزەی حەجن".

وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە هۆشداری داوە لە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج بەبێ مۆڵەت، لەو بارەوە وتوویەتی" چونکە ئەمە سەرپێچیکردنی ڕێسا و ڕێنماییەکانی حەجە"، هاوکات هۆشداریش دەدات لە کارە ساختەکان کە لە ڕێگەی ڕێکلامی ساختە و چەواشەکارانەی هەڵمەتی حەجەوە لە سۆشیال میدیا پەرەی پێدەدرێت، کە بانگەشەی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و گواستنەوە بۆ حاجیان لەناو شوێنە پیرۆزەکاندا دەکەن.

بەگوێرەی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، دوایین وادە بۆ ئەوانەی ئێستا لە گەشتی عومرەن و ڤیزای عومرەیان وەرگرتووە، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٥ە.

بە وتەی کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی کوردستان، ناوەڕاستی مانگی پێنج یەکەم کاروانی حاجییانی کوردستان بەرەو سعودیە بەڕێدەکەوێت.



AM:11:45:19/04/2025