بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەمپارتی، جەخت دەکاتەوە لەوەی، پرسی کورد لە رێگەی بەدیموکراسیبوونی تورکیا چارەسەر دەبێت. دەشڵێت" بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، دەبێت حکومەتی تورکیا هەلومەرجی ئازادیی کارکردن بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دابین بکات".
سەزای تەمەلی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا، جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەرکردنی پرسی کورد، پێویستی بە ویستێکی هاوبەشە و ئەمەش لە ڕیگەی سازانی دیموکراسیەوە جێبەجێ دەکرێت.
تەمەلـی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد" چارەسەرکردنی پرسی کورد، ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی تورکیا، کێشەکانی دیکەی وڵاتەکەی چارەسەر بکات" و وتیشی" بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، دەبێت حکومەتی تورکیا هەلومەرجی ئازادیی کارکردن بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە گرتوخانە دابین بکرێت".
بەرپرسەکەی دەمپارتی ئەوەشی خستەڕو"ئۆجەلان دوای ئازادکرانی، دەتوانێت لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی کۆبێتەوە و هەروەها بۆچونەکانی خۆی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لەڕێگەی ڕۆژنامەڤانانەوە بە رای گشتی رابگەیەنێت."