وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لەبارەی پشووی سبەینێ ڕوونکردنەوە دەدات

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ئەو پشووەی بڕیارە سبەینێ بەڕێوەبچێت، سەرجەم قوتابخانەکان ناگرێتەوە، بەڵکو سنووردارە تەنها بۆ دامودەزگاکانی خوێندنی مەسیحی". 

سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند" سبەینێ لە قوتابخانەکان پشووی فەرمی نابێت، وانە خوێندنیش وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت".

ڕوونیشیکردەوە، جەژن تەنها بۆ دامەزراوە مەسیحییەکانە، بەبۆنەی جەژنی هەستانەوە (قیامە) بۆ پێکهاتەی سریانە. 

سامان سیوەیلی ئەوەشی خستەڕوو، هەموو ئەو خوێندکارانەی ناویان لە قوتابخانە مەسیحییەکانی بەیانیان تۆمارکردووە، پشووی فەرمییان پێدەدرێت، تەنانەت ئەگەر تاقیکردنەوەشیان هەبێت، چونکە دوادەخرێن بۆ دوای کۆتاییهاتنی پشووەکانیان. 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم پێشتر ڕایگەیاندبوو، ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیە پشووی فەرمی دەبێت بۆ کریستیانەکان لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێم، بەبۆنەی جەژنی هەستانەوە (قیامە)ی حەزرەتی مەسیح (د.خ). 



PM:07:11:19/04/2025