کەسوکاری ئەنفالکراوان بەرەو نوگرەسەلمان بەڕێکەوتن

پەیامنێری (سپی) رایگەیاند" ئەمڕۆ لە یادی ٣٧ سالەی ئەنفالدا  ٧ پاس لە چەمچەماڵ و کەرکوک و کەلار و کفری و کۆیە لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بەرەو بەغدا رێکەوتن و دواتر سەردانی نوگرەسەلمان دەکەن" .

قاسم کازم حەمە عەلی سەرپەرشتیاری گروپی چەمچەماڵ بە پەیامنێری ( سپی) رایگەیاند"  بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە چەندین پاس لە کەسوکاری ئەنفال کراوان و شایتحاڵی زیندانیانی نوگرەسەلمان بەرەو بەغدا بەڕێکەوتون ".

سەبارەت بە ئامانجی ئەم سەردانەیان وتی" ئەمڕۆ لەبەردەم بینای شەهیدان لە بەغدا گردبوونەوە دەکەین و دواتر لە (طب عدلی) عێراق کە ١٥٢ روفاتی  ئازیزانمانیان هەڵداوەتەوە دەبینین و دواتر لە بەغداوە دەچینە سەماوە و ودواتر نوگرەسەلمان وسبەی لە قەڵای نوگرەسەلمان مەراسێمێکی شایستە لە یادی ٣٧ ساڵەی ئەنفال سازدەکەین". 

پەیامنێری سپی میدیا ئەنوەر ئەحمەد لەگەڵ کەسوکاری ئەنفالکراوان بۆ بەغدا رێکەوتووە بۆ روماڵکردنی سات بە ساتی رووداوەکان.

تاوانی ئەنفال، یەکێکە لە قێزەونترین و نامرۆڤانەترین تاوانەکانی ڕژێمی بەعس کە وەک تیرۆریزمی دەوڵەت لە مێژووی هاوچەرخ دژ بە نەتەوەیەکی ستەمدیدە لە ساڵی ١٩٨٨ ئەنجامیداوە. ڕژێمی بەعس، بۆ پێدانی ڕوخسار و پاساوێکی ئایینی ناوی سوورەتی ئەنفالی لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنە دانا و ئامانج لەم ناولێنانەش بەخشینی جۆرێک لە پیرۆزیی بووە بەم جەنگە، کە بە دڕندانەترین شێوە لە بەرامبەر بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا. ئەم پرۆسە تاوانکارییە لە هەشت قۆناغ لە چەندین ناوچەی جیاوازی کوردستانی باشوور ڕوویداوە، کە تێیدا دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی سیڤیل و بێتاوان بوونە قوربانی، کە تاکوو ئێستا نە حکومەتی هەرێم و نە حکومەتی عێراق نەیانتوانیوە وەک پێویست بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵبستن بەرامبەر بە قوربانیان و بەجێماوانی ئەم کارەساتە و برینەکانی هەر بە ساڕێژنەکراوی ماوەتەوە.




AM:09:59:20/04/2025