دوای ئەنجومەنی دادوەری وەزارەتی داد سەردانی مەزاری مەلا مستەفای بارزانی دەکەن

دوای  سەردانەکەی ئەنجومەنی دادوەریی و دادگای پێداچوونەوەی هەرێم و دادگاکانی تێهەلچوونەوەی هەولێرو دهۆک بۆ مەزاری مەلا مستەفا بارزانی ، دوێنێ ئەنجومەنی دادوەری وەزارەتی داد سەردانی مەزاری مەلا مستەفای بارزانیان کرد و هاوکات سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتی نیشتنمانیەوە داوادەکات کە سەردانی مەزاری جەلال تاڵەبانی سکرێتێری گشتی یەکێتی بکەن.

وەزارەتی داد لە لاپەڕەی فەرمی خۆی بڵاویکردەوە کە " دوێنێ  شەممە ١٩ی نیسانی ٢٠٢٥ بەرێز فەرسەت ئەحمەد، وەزیری داد، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیرە بەڕێزەکان و  سەرپەرشتیارانی دادیی و راوێژکاران و بەڕێوبەرە گشتییەکان لە کوتلەی وزاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان  کرد، لەوسەردانەدا ، بەڕێز دکتۆر پشتیوان سادق ، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەناوی کوتلەی وزارییەوە وتارێکی پێشکەشکرد، کە تیایدا  پەیمانی نەتەوەیی و نیشتمانیی دووپاتکرایەوە تا بەدیهێنانی هەموو مافەکانی گەلی کوردستان لەسەر رێبازی بارزانی بەردەوام دەبن و خزمەتی خەڵک و گەلی کوردستان بکەن بەبێ جیاوازی".

پێشوتریش لە رۆژی ٨ی نیسانی ٢٠٢٥ ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لە هەژماری خۆی بڵاویکردوویتەوە کە" ٨ی نیسانی ٢٠٢٥ وەک دەربڕینی رێزو وەفا بۆ خەبات و قوربانیدانی مەلامستەفا بارزانی، دادوەر عبدالجبار عزیز حسن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان بەیاوەری جێگری سەرۆک و ژمارەیەک ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دادگاکانی تێهەلچوونەوەی هەولێرو دهۆک و ژمارەیەکی زۆر دادوەران و فەرمانبەرانی ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچوونەوەی هەرێم و هەردوو دادگای ناوبراو سەردانی مەزاری مەلامستەفا بارزانیان لە بارزان کرد".

ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە سپی رایگەیاند " هیوادارە ئەنجومەنی دادوەریی و دادگای پێداچوونەوەی هەرێم و دادگاکانی تێهەلچوونەوەی هەولێرو دهۆک وەک رێزلێنان لە تێکۆشانی جەلال تاڵەبانی سکرێتێری گشتی یەکێتی و سەرۆک کۆماری عێراق کە بۆ ماوەی دوو خول سەرۆک کۆمار بووە، سەردانی مەزاری مام جەلال لە دەباشان لە سلێمانی بکات".




AM:10:29:20/04/2025