هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاروانێکی هاوکاریی سەربازی گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان

کاروانێکی هاوکاریی سەربازیی هاوپەیمانان گەیەندرایە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕوانگەی سوریی دەڵێت" هاوکارییەکە لە هەرێمی کوردستانەوە گواستراوەتەوە بۆ ڕۆژئاوا و لە بنکەیەکی هاوپەیمانان جێگیرکراوە".

ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند"هاوپەیمانان لەڕێگەی دەروازەی وەلیدەوە کاروانێکی سەربازییان لە هەرێمی کوردستانەوە بردوەتە ڕۆژئاوای کوردستان و لە بنکەی خەراب جیری ڕمێلانی سەر بە کانتۆنی حەسەکە جێگریان کردوە".

ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەشداوە، کاروانەکە پێکهاتبون لە ٧٠ بارهەڵگر، کە زرێپۆش و سیستمی ڕادار و تانکەری سوتەمەنی و چەندین جۆر چەک و پێدوایستی دیکەی سەربازیی لەخۆ گرتوە. 

بە گوێرەی ئامارەکانی ئەو ریکخراوە، لە کەمتر لە مانگێکدا، هاوپەیمانان نزیکەی ١٥٠ بارهەڵگر هاوکاریی سەربازییان گەیاندەوەتە بنکەکانیان لە ڕۆژئاوا کوردستان.

گواستنەوەی هاوکارییەکان هاوکاتە لەگەڵ دەنگۆی کەمکردنەوەی سەربازانی ئەمریکا لە سوریا و ڕوانگەی سورییش لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بەوەداوە، کە ئەمریکا لە بنکەکانی شەدادی و قەسرەکی ڕۆژئاوا و بنکەیەکی ڕەققە دەمێنێتەوە.



PM:01:53:20/04/2025