وەزیری کشتوکاڵی هەرێم سەبارەت بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون ڕایدەگەیەنێت" رێكاری بەپەلە دەگرینەبەر بۆ روبەڕوبوونەوەی تای خوێنبەربوون". دەشڵێت" حکومەتی هەرێم بەنیازە مریشکی زیادەی بەرهەمهێنراوی ناوخۆ بۆ دەرەوەی عێراق هەناردە بکات".
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هەر ئاژەڵێك كە لە دەرەوەی هەرێمەوە دێن كەرەنتینە دەكرێن بۆ ماوەیەكی دیاریكراو و پشكنینی پزیشكییان بۆ ئەنجامدەدرێت".
وتیشی" لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان رێكاری بەپەلە دەگرینەبەر بۆ دابینكردنی پێداویستی بە مەبەستی روبەڕوبونەوەی ئەو پەتایە و رێگریكردن لە هێنانە ناوەی بەرهەم لەو پارێزگایانەی عێراق كە نەخۆشیەكەی تێدا بڵاوبوەتەوە".
بێگەرد تاڵەبانی ئاشکراشیکرد، ژمارەیەک بەروبوومی ناوخۆی و بەرهەمی کشتوکاڵی و خۆراکی هەناردەی دەرەوەی وڵات کراون، بەڵام هەوڵدەدەن ڕێژەی هەناردەکردن بەرزبکەنەوە و بازاڕێکیان بۆ مسۆگەر بکەن.
تاڵەبانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" دەستمانکردووە بە هەناردەکردنی هێلکە بۆ دەرەوەی وڵات، لە داهاتووشدا دەست بە هەناردەکردنی گۆشتی مریشک دەکرێت".