یەکێتی و پارتی لەسەر ژمارەیەک خاڵ ڕێککەوتن

ماڵپەڕێکی نزیک لە پارتی سەبارەت بە ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر پڕۆژەی هەژماری من ڕایدەگەیەنێت" لەسەر چوار خاڵ گەیشتوونەتە ڕێککەتن لەوانە پڕۆژەکە سەر بە وەزارەتی دارایی هەرێم دەبێت". 

ئەمشەو یەکشەممە ماڵپەڕی (ئاڤا میدیا)، لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە" یەکێتی و پارتی لەسەر چوار خاڵ ڕێککەوتن دەربارەی پڕۆژەی هەژماری من".

ماڵپەڕەکە دەشڵێت" پرۆژەی هەژماری من سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کوردستان دەبێت، ئەمڕۆ بە نوسراوێکی فەرمی گواستنەوەی پڕۆژەکە ڕاگەیەندرا و وەزارەتیش سەرپشك دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆژەکە لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنمایە بەركارەكانی بانكی ناوەندی عێراق". 

ئەوەشی خستەڕوو، هەژماری بانكی مووچەخۆران پارێزراو دەبێت بەگوێرەی یاسای بانكی ناوەندی، وەکو پێشتریش تیمی هەژماری من دڵنیاییان دابوو، پارەی مووچەخۆران لە هەژمارەکانیان بە هیچ شێوەیەک دەستکاری ناکرێت و پارەی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی لێ ناگێڕدرێتەوە.

هەروەها ڕاشیگەیاندووە" حکومەت ڕێگە دەدات بانکی نوێ بێنە ناو پرۆژەکەوە و دەرگا بۆ سەرجەم بانکەکان کراوە دەبێت، تاوەکو ئێستا هەشت بانک لە پڕۆژەکەدا بەشدارن، گرێبەستکردن لەگەڵ بانکەکان شەفاف دەبێت و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت ئاگاداری وردەکاری و ناوەڕۆکی گرێبەستەکانی پێشوو و داهاتوو دەبن". 



PM:11:44:20/04/2025